ئۆباڵى ئەو کوشتن و بڕینانەی كە بە ناوى دینەوە ئەنجام دەدرێن (٢)

فتح الله‌ گوله‌ن: ئۆباڵى ئەو کوشتن و بڕینانەی كە بە ناوى دینەوە ئەنجام دەدرێن

لەپاش ڕوخان و لێکترازانی دەوڵەتی عوسمانی، چەندین پەرتەوازەبوونی یەک لە دوای یەک لە جیهانى ئیسلامیدا ڕوویاندا. تازە بە تازە وا خەریکە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا چەند هەوڵ و تەقەلایەک دەدرێت بۆ سەرلەنوێ بووژانەوە و دۆزینەوەی ڕۆحی خۆمان. خۆ ئەگەر ئێوە نەک لە جوگرافیای ئیسلام بەڵکو تەنها و تەنها لە ڕووانگەی توركیاشەوە سەیر بکەن دەبینن کە هیچ شتێك وەك دوێنێی خۆی نەماوە و لە ماوەى ئەم چل پەنجا ساڵەی ڕابردوودا هەموو شتێك گۆڕانكارى بەسەردا هاتووە. جا ئیتر ئەو هێزانەى كە ناڕەحەتن بەو پێشكەوتن و گۆڕانكاریانەى كە لە جیهانى ئیسلامیدا ڕوودەدەن، هەڵدەستن بە وروژاندنی کەسانێک کە لە بنەما سەرەكیەكانى دین بێ ئاگان و بە هەست و حەماسەتەوە دەجوڵێنەوە و بەهەمان شێوەش خەڵكی هەر بەو هۆیەوە دەخەنە جوڵە و دەیانكەنە ئامرازێك بۆ هیوا چەپەڵەكانى خۆیان.

پێویست بوون بە خۆ بەزلزانییەکی لە ڕادەبەدەر و گروپە خەڵەتێنراوەكان

مەخابن ئەوە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە کە ئەمڕۆ هەموو ئەو کەسانەی لە جوگرافیای ئیسلامدا دەژین، كەسانێکی ژیر و خاوەن بیركردنەوەیەکی هاوسەنگ و شارەزاى سەرچاوەكانى خۆیان نین. خۆ ئەوانەش كە دەیانەوێت بە وروژاندنی هەستی خۆبەزلزانی كەسانى دى ڕای گشتی جیهانی بەلای بەرژەوەندیەكانى خۆیاندا ڕابکێشن، ئەو لاوازیانەی ئێمەیان بەدیکردووە کە سەرچاوەکەی لە نەزانى و هەژارى و ئاتاجییەوە دروست بووە، سیناریۆى تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە ئامادەكردووە و بەم هۆیەوە مرۆڤە سادەكانیان یان بەشێوازی خەڵەتاندن یاخود بە بەكارهێنانى دەرمان كردووە بە ڕۆبۆت و وەک ئەکتەرێک ئەم سیناریۆیەیان پێ نواندوون. بەڵێ، بە هەڵخەڵەتاندنی ئەم گروپانە، ئەو خەڵکانەیان بەکارهێناوە کە لە کۆمەڵگەدا فەرامۆشکراون و لەژێر چەکمەی نەزانیدا ماونەتەوە. جا ڕێگەى نەخەڵەتانیش بەوە دەبێت كە سیستەمى بەرگریتان بە بەهێزی بهێڵنەوە. خۆ ئەگەر سیستەمی بەرگریتان بەهێز بێت ئەوا دەتوانن بەسەر هەموو ئەو ڤایرۆس و میكرۆبانەدا زاڵ بن كە دێنە لەشتانەوە. بەڵام هەر کە سیستەمى بەرگریتان تووشى لاوازى هات، ئەوا كەسانى دى بە بەردەوامی دەرزی ڤایرۆساوی بەو لاشەیەدا دەکەن و هەوڵی بەزەویدادانی دەدەن، ئیدی ئێوە ئەوکات ناتوانن بەر بەمە بگرن. جا لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا کە دنیا وەک لادێیەکی لێ هاتووە، زۆر پێویستە ئەو کەسانەی كە شوێنكەوتەى پێغەمبەرى خودان (صلی اللە علیە وسلم) زۆر ژیرانەتر مامەڵە بكەن و بیر لە هەر هەنگاوێك بکەنەوە كە هەڵى دەنێن و کاردانەوەی هەر وتەیەک کە دەیڵێن. هەروەها دەبێت حساب بۆ ئەوەش بکرێت کە ئەو وتەیە چ هەستێک لای کەسی بەرامبەر دروست دەکات. جا پێش زار کردنەوە دەبێت حسابی ئەو دەستكەوت و زیانانە بکرێت کە ئەو وتەیە دەیبێت و هەتاكو دەجار بیر لە قسەیەك نەكرێتەوە نەدركێنرێت. بە تایبەتى کەسێک ئەگەر خاوەنى پێگەیەكى دیاریكراو بێت و نوێنەرایەتى دەستەیەك بكات، ئەوا دەبێت لەم بابەتەدا زۆر هەستیارانەتر مامەڵە بكات. چونکە هەریەک لە ئەندامانی ئەو دەستەیەی کە ئەم تێیدا ئەندامە دەبێت باجی ئەو هەڵەیە بدەن کە ئەم کردوویەتی. بۆ نموونە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر كەسێكی سادەی ناو خەڵک قسەیەكى لەمجۆرەى لە دەم دەربچێت و بڵێت: "فڵانە لایەن بێڕێزییەكى لەمجۆرەیان بەرامبەر مزگەوتەكەى ئێوە نواند، ئێوەش بڕۆن و زەرەریان پێ بگەیەنن!" ئەوا دەبینی كەس گوێ بەم قسەیە نادات، بەڵام ئەگەر ئەم قسەیە لەلایەن كەسێكى سەرگەردان و سەرلێشێواوەوە بوترێت کە لەناو خەڵکدا گوێی لێ دەگیرێت، ئەوا دەبێتە هۆكارێک بۆ داڕوخانێكى وەها كە نۆژەنكردنەوەى گەلێك سەخت بێت. بەڵێ، ئەگەر شان بەشانى ئازایەتى و بوێرى، زانست و دانست و بەصیرەت و فیراسەت نەبێت، ئەوا ئازایى و بوێریەكى لەمجۆرە، مرۆڤ توشى شێتییەكى وەها دەكات كە کۆمەڵە هەڵەیەک بکات، نۆژەنکردنەوە و زاڵبوو بەسەریدا ئەستەم و مەحاڵ بێت. بەم پێیە تەنها و تەنها تاوانباركردنى لایەنی بەرامبەر لەسەر ئەو ناڕەحەتیانەی کە تووشی دەبین کارێکی دروست نییە. جا لە ڕاستیدا سوپاى دوژمن كە نایەوێت جوانیەكانى ئیسلام بژێتەوە و بەدەرکەوێت، هەر لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئیسلامەوە هەمیشە لە هەوڵى دانانى تەڵەو داودا بووە بۆ موسوڵمانان. بەڵام خەلیفە ڕاشیدیەکان و ئەو بەڕێوەبەرە خاوەن بەصیرەتانەش کە خەلیفەکانیان وەك نمونەیەک بۆ خۆیان بینیوە، بوارى ئەوەیان نەداوە. شایەنى باسە، دەستە دەرەکییەکانی ئەم دوو سێ سەدەیەی ڕابردوو توانیویانە لەوەدا سەرکەوتووبن کە چەندین کەسی فیترەت سادە بکەن بە ئامراز و بەکاریان بهێنن. مەخابن تونیویانە ئەو ڕووخسارە درەخشانەی ئیسلام ڕەش پیشان بدەن. خۆ دەکرێت بوترێت، لە هیچ سەردەمێک لە سەردەمەکانی ئیسلامدا دڕندەییەکی هاوشێوەی ئەم دڕندەییەی ئەمڕۆمان بەناوی دینەوە ئەنجام نەدراوە. خۆ لەوانەیە لە سەردەمێکدا موەحیدینەکان و لەسەردەمێکی تردا قەرمەتییەکان و لە سەردەمێکی تریشدا ئەو کەسانەی کە بە هزری باتینییەوە خۆیان بەستبووەوە پەنجەیان بۆ کۆمەڵە دڕندەییەکی هاوشێوەی ئەمانەی ئێستا درێژ کردبێت. بەڵام تەنانەت ئەوانیش خۆیان نەتەقاندووەتەوە و شەل و کوێرم ناپارێزم نەکەوتوونەتە گیانی پیر و پەککەوتەو منداڵ و ئافرەت و کوشتاری بەکۆمەڵیان ئەنجام نەداوە.

شێوازى تێکۆشانی ئیماندارانە

بەم بۆنەیەوە دەمەوێت یادەوەریەكى خۆمتان بۆ بگێڕمەوە. جارێک میوانێكم هاتبوو، باسى ئیسلامۆفۆبیا(ڕق و ترسی بێ بنەما و کوێرانە لە ئیسلام)ى بۆ كردم، باسى ئەوەى كرد كە چۆن وڵاتانی رۆژئاوا وەك دڕندەیەک لە موسوڵمانان دەڕوانن و لە كاریكاتێر و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانیاندا هەمیشە بە خراپە باسى ئیسلام دەكەن. منیش وتم؛ ڕاستە ئەوان بە خراپە هێرش دەكەنە سەر ئیسلام، بەڵام بەداخەوە لە ناو خۆشماندا کۆمەڵە كەسانێك هەن كە عاتیفیانە مامەڵە دەکەن و بەهەمان شێوەی ئەوان بەرسڤیان دەدەنەوە و بەم هۆیەشەوە لوت لە کۆمەڵە کارێکەوە دەژەنن کە نەشیاوە و لەگەڵ ئیسلامدا یەک ناگرێتەوە. ئەوەشم بۆ باسکرد کە ڕاست نییە ئێمە خۆمان بە كەسانێكى زۆر پاك و بێ هەڵە دابنێین. خۆ هەرچەندە ئەمە وەڵامێك بوو كە ئەو چاوەڕوانى نەدەكرد و سەرى لێی سوڕما بەڵام ئەمە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە. جا لەکاتێکدا ئێمە بەرپەرچی ئەو خراپانە دەدەینەوە كە بەرامبەر ئیسلام دەكرێن، دەبێت بە شێوەیەك مامەڵە بکەین کە لە ئێمەی ئیماندار بوەشێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەو هەڵانەی کە ئەنجام دەدرێن، هەموو موسوڵمانانی جیهان دەخەنە بارێکی قورس و زەحمەتەوە. چونكە ئەم هەڵس و كەوتە نەشیاوانە وا دەكەن کە ئامراز و چەک بدرێتە دەست کەسانێک کە دژی موسوڵمانان بەکاری دەهێنن. جا ئەو شێوەیەی کە پێویستە موسوڵمان بیگرێتە بەر ئەوەیە کە هێندەی نامووسمان ئاگاداری شێواز و مامەڵەمان بین و بە پەیوەست بوون بە بنەما سەرەكیەكانى ئاینەكەمانەوە لە هەوڵ و تێكۆشاندا بین بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ئەو هێرشانەى كە ڕوومان تێدەكەن.

ئەوانەى دڕندەیی دەنوێنن لە موسوڵمانێتی بێ بەشن

لە كوێ بینراوە كە بە ڕەقى و بە بەكارهێنانى زەبروزەنگ و توندوتیژى و کوشتن و بڕین دین لاى خەڵکی خۆشەویست بكرێت؟ خۆ هەروەک لای بەڕێزیشتان ئاشكرایە، پێناسەی دین بەم شێوازەی خوارەوە کراوە:

الدین وضع إلهی سائق لذوی العقول باختیارهم المحمود إلى الخیر بالذات

دین بریتییە لە سیستەم گەلێكى نێردراو لە لایەن خواى گەورەوە كە خاوەن ژیرییەكان بە ئیرادەى سەربەستى خۆیانەوە بەرەو خێر ڕادەکێشێت.

(بوخارى، كشف الأسرار ١/١٣)

بە بڕواى من ئەو پێناسەیەی کە بۆ دین كراوە، پێناسە و دەستوورێکە کە لە پێشکەوتووترین سیستەمە دیموکراسییەکان پێشکەوتووترە. چونکە ئیرادەى مرۆڤ بە بنچینەی سەرەکی دادەنێت و خۆی و ئیرادەی بەیەکەوە جێدێڵێت بۆ بریاردان. بە پێى ئایینی ئیسلام، مرۆڤ لە ڕووى بە دیهاتنیەوە زۆر كەریم و ڕێزدارە. خۆ ئەگەر دین بەڕاستى و دروستى جێبەجێ بکرێت و دواتر هەموو ئەو جوانیانە بێنێتە گۆڕێ کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە، ئەوا ئەوکات مرۆڤەكان هەر خۆیان ئیرادەیان لەو ڕێیەدا بەکاردێنن. بەڵێ، ئەگەر ئێوە جوانیەكانى دین پیشان بدەن و دین لای خەڵکی خۆشەویست بكەن و لە ناخەكاندا بەتامەزرۆییەوە شوێنی بۆ بکەنەوە، ئەوا ئەو كات مرۆڤەكانیش بە ئیرادەیەکی سەربەستەوە هەڵى دەبژێرن و كەسیش ناتوانێت شتێک بەرامبەر بەمە بڵێت. هەموو كەس ئازادە لەوەی کە چ دینێك هەڵدەبژێرێت. خۆ ئەوەى كە لێرەشدا گرنگە؛ بریتیە لە جوان نمایشکردنی ئەو دینە. جا هەروەك خۆشتان دەزانن لایەنێكى ترى شانازى مرۆڤایەتى (دروودى خواى لێ بێت) کە لەگەڵ بانگەوازە ناوازەكەیدا هەردەم لە پێشکەوتندا بووە و هەرگیز لێی دوانەکەوتووە، بریتی بووە لە نمایش و نواندنی دین، هەرچیەكى وتبێت ملیم بە ملیمی لە ژیانیدا پیادە کردووە و هەر بەو شێوەیەش توانیویەتى لەناو دڵەكاندا تەختی خۆی دابمەزرێنێت.

خۆ لە ڕاستیدا ئێمەش وەك ئوممەتى ئەو، ڕۆژانێک هەر بەم شێوەیە مامەڵەمان دەکرد. بەڵام لەم یەک دوو سەدەیەی دواییدا كەسانێك هاتن و بۆهێڵەکانی ئێمەیان شێواند. بەداخەوە هەندێک لەوان تەنانەت بە ناوى دینیشەوە چەندین خراپەكارییان ئەنجامدا. ئەمەش لەکاتێکدا ئەو كەسانەى کردەی دڕندانە ئەنجام دەدەن لە موسوڵمانیەتى بێ بەشن. هەروەك پێشتریش ئاماژەمان پێ كردبوو، چۆن تیرۆرست نابێت بە موسوڵمان، ئاواش موسوڵمان نابێت بە تیرۆرست. خۆ ئەگەر تیرۆریست لە ناو موسوڵماناندا پەیدا ببێت، ئەوا ئەو کەسە تیرۆریستە تایبەتمەندییەکانی موسوڵمانیەتى لە دەست داوە. هەرگیز بە کەسێكى ئاوا ناگوترێت موسوڵمانى ڕاستەقینە. ئاخر چۆن دەکرێت شتى وا بوترێت، لە كاتێكدا تەنانەت شەڕیش یاساى تایبەتی خۆى هەیە، کاتێک پیغەمبەری خوا (دروودى خواى لێ بێت) سوپایەكى بەڕێ دەكرد، دەیفەرموو: "دینەكەمان قەدەغەی کردووە لەسەرمان کە هێرش بكرێتە سەر ژن و منداڵ و ئەو كەسانەى كە پەنایان بردووەتە بەر پەرستگاكان." جا یەک گرتنەوەی ئەو کوشتن و بڕینانەی کە لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەناوی دینەوە ئەنجام دەدرێن لەگەڵ ئەو یاسا و دەستوورانەی کە قورئان و سونەت هێناونی شتێکی تابڵێی ئاستەم و مەحاڵە. لە كۆتاییدا، ئەوەى لەسەر ئێمە پێویستە ئەوەیە کە بە دروستی نمایشی دینەكەمان بکەین و بەرامبەر هەموو كەس بەڕێزەوە هەڵس و كەوت بكەین و ڕێز لە هەموو بیروڕایەک بگرین. چونكە بەزۆر سەپاندنى سیستەم و هزر بەسەر کەسانی تردا پێچەوانەى بنەماکانى دینە. لەبەرئەوە بەكارهێنانى تۆپ و تفەنگ، هەڕەشە و گوڕەشە و زەبروزەنگ و هێرش كردنە سەر خەڵکی و، سەربەخۆیانە بانگەواز کردنی شەڕ و دەست بەسەردا گرتنی بازاڕەکان و بەبارمتە گرتنی كەسانێكى بێتاوان هیچ لایەنێکی نییە کە لەگەڵ دیندا یەکبگرێتەوە. کەسانی وەک ئێمە كە سەر بە دینى ئاشتى و هێمنین، بەرپەرچدانەوەی هاوشێوەیی بە دەستوورێکی ستەمکارانە لەقەڵەم دەدەین و هەموو کات مامەڵەیەکی مرۆڤانە بەسەر ڕەفتارێکی دڕندانەدا پەسەند دەکەین. جا دیارە مرۆڤی باوەڕدار هەرگیز ئەوەندە بێ ئەرزش نەبووە و نابێت کە کۆمەڵە کارێکی هاوشێوەی ئەمانە بکات. خوای گەورە بە دانستەکەی خۆی دڵەکانمان ئاوەدان بکاتەوە. لە هەموو ئەو هەڵە و چەوتیانە بمانپارێزێت و لێمان خۆشبێت کە پێچەوانەی ویستی پڕ شکۆمەندی خۆین. لەسەر ڕێگەى پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) و یاوەرانی بمانژێنێت و ئەو ڕێگەیەشمان بۆ ئاسان بکات.

Pin It
  • Created on .
© 2024 وێب سایتى فتح لله‌ گوله‌ن.. هەموو مافەکانى پارێزراوە.
هه‌موو مافێكى ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پارێزراوه‌. سایتى ڕه‌سمى مامۆستا فه‌تحوڵا گوله‌نه‌.